|
ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیی ژنی ئه‌نفالكراو
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ*
بیست ودوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كاره‌ساتێكی زۆر تراژیدیی له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا ڕوویدا، دیكتاتۆر وایده‌زانی ئه‌گه‌ر بێت و سه‌دو هه‌شتاودوو هه‌زار مرۆڤی كوردی ده‌ستوپێی سپی قاتوقڕ بكات نیوه‌یان هه‌ر به زینده به‌چاڵكردن و به‌كۆمه‌ڵ قه‌تڵو عام بكات و دوور له میدیاكانی دونیا ده‌توانێت هه‌تا سه‌ر ئه‌و جینۆسایده دیزه به‌ده رخۆنه بكات و له تاریكی‌دا، ڕووناكی ئه‌و هه‌موو رۆحه سپی و بێگه‌رده بشارێته‌وه.. به‌ڵام زۆری نه‌بردو هه‌موو جیهان بۆی ئاشكرابوو كه چ تراژیدیایه‌كی دڵته‌زێن له‌م نیشتمانه هه‌تیو و بێكه‌سه‌دا ڕوویداوه..
ئه‌گه‌ر بێت‌و وه‌كو كۆمه‌ڵناس یان ده‌روونناسێك بچینه ژێر پێسته‌وه، یان «ته‌قه‌موسی» یه‌ك ژنه ئه‌نفالكراو بكه‌ین و بۆ تاقه یه‌ك ڕۆژ بچینه نێو رۆحیانه‌وه‌و هه‌ست به ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌روون و رۆحیان بكه‌ین و به كرداره‌كی وه‌كو ئه‌وان گوزه‌ران بكه‌ین، بۆمان ئاشكرا ئه‌بێت كه ته‌نانه‌ت ناتوانین یه‌ك چركه‌ش له بیر و هۆش و هه‌ست و نه‌ستی ئه‌و بوونه‌وه‌ر و كائینه‌دا بژین كه زۆر له سه‌ركرده‌و وه‌زیر و گزیره‌كانمان بڵندتر و شكۆدارتر و مه‌زنتر و خاوه‌ن ئیراده‌ی به‌رزتر و نیشتمان په‌روه‌رترن.
ژنی كوردی ئه‌نفالكراو خاوه‌نی ئۆقیانووسێكه له ئازار‌و ژان و گڕی جه‌رگ سووتاوی و مێرد و باوك و دایك و براو خوشك و كوڕ‌و كچی شه‌هید و به‌زۆر شه‌هیدو زینده‌به‌چاڵكراو....
ئاسته‌مه هیچ كه‌سێك هه‌بێت له‌م جیهانه‌دا، ئه‌گه‌ر جه‌لادو قه‌ساب و دیكتاتۆریش بێت و بتوانێت یه‌ك شه‌و و ڕۆژ بێ دووری چاوی ئازیز و جگه‌رگۆشه‌یه‌كی، فرمێسكی خوێن نه‌ڕژێ و خه‌وی ئاسووده‌یی لێبكه‌وێت وبێ خه‌م و خه‌فه‌ت و ساتێك به به‌خته‌وه‌ری بژی، چ جای دووری چاوی جوان و بێگه‌ردی به یه‌كجار هۆزێك یان خێزان و بنه‌ماڵه‌یه‌ك.. زۆر ئاسته‌مه ژیانی زیندوویه‌ك، بیست و چوار سه‌عاته، بێته گۆڕی مردن و مه‌رگ، ئاسته‌مه ژیان به بێ بزه‌و خه‌نده‌ی جگه‌رگۆشه‌و خۆشه‌ویست و ئازیزان..!
بۆیه ئه‌گه‌ر بۆ ساتێكیش بێت پێویسته هه‌ستێكی مرۆڤانه‌و هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌مان له هه‌مبه‌ر ڕه‌وشی دژواری ژنێكی ئه‌نفالكراودا هه‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ نه‌بێت له یادی ساڵانه‌ی ئه‌و كاره‌ساته تراژیدیه‌دا، وه‌كو كۆمه‌ڵناسێكی به ئه‌مه‌ك له ڕه‌وشی ده‌روونی نوغرۆ و هه‌ناوی سووتاو و كوانووی خه‌ڵوزینی ئه‌و ژنه مه‌زنه بدوێین كه بیست ودووساڵ له‌مه‌وبه‌ر دیكتاتۆرێكی دڕنده شه‌ره‌فی شه‌هیدێكی زیندووی پێبه‌خشی و تاجی سه‌ركرده‌یی و شكۆداری و نه‌مری خسته سه‌ر سه‌ری، رۆحی ژنێكی ئه‌نفالكراو، له رۆحی كۆترێكی سپی ئاشتی ده‌چێت كه بێسره‌وته‌و هه‌رده‌م له شه‌قه‌ی باڵ ده‌دات و به‌نێو سه‌رابی ئاسمانێكی خۆڵه‌مێشیداو له‌نێو دڵی نیشتمانێكی سه‌ربڕاودا، گمه‌گمییه‌تی و ده‌ناڵێنێت، هه‌رده‌م و بێبڕانه‌وه، به‌ده‌م ئازاره‌وه ده‌تلێته‌وه، به‌ته‌نیاو بێكه‌س و قه‌له‌نده‌ر، له‌م دونیا به‌رفراوانه‌دا ته‌نیا خودای كردگاره مه‌زن، پاڵپشت و كه‌سێتی، به‌ڵام حیزب و حكومه‌ت، ده‌سته‌و‌ستان و ده‌سته‌ویه‌خه‌ن.. به‌رپرسه‌كان و وه‌زیرو گزیره زۆر‌و زه‌وه‌نده‌كان.. به سه‌ره قه‌ڵه‌مێكیش ناتوانن گوزارشت له چركه‌یه‌كی ژیانی ئه‌و ژنه ئه‌نفاله بكه‌ن كه ڕۆژانه هه‌زارانجار شه‌هید ده‌بێت، زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێته‌وه‌و به كوله‌مه‌رگی ده‌گوزه‌رێنێت، ژنی كوردی پاش تراژیدیای ئه‌نفالی نه‌فره‌ت لێكراو، بێكاره‌با و بێ‌ئاو و بێسووته‌مه‌نیی و بێ خزمه‌تگوزاری و بێئومێد‌و بێ‌ئامانج و بێ وڵات و بێ نیشتمان و بێ سه‌ركرده‌و بێ حكومه‌ت و بێ سه‌رۆكوه‌زیرانه..
خۆ ئه‌مێستاكه دیكتاتۆر له هه‌ناسه كه‌وتووه‌و نۆزده ساڵه كوڕه قاره‌مان و پێشمه‌رگه ئازادیخواز‌و پارتیزانه‌كانمانن كه حوكم ده‌كه‌ن، ئه‌ی كوا ئه‌و كه‌سه قاره‌مان و دلێره كێیه ده‌ستی میهره‌بانی و نه‌رمونیانی به‌سه‌ر سه‌ری نامۆ و كاسی ئه‌م ژنه شكۆمه‌نده‌دا دێنێت؟؟ كێن؟ كام له‌و نه‌به‌زو نه‌برده ئاماده‌یه، له شه‌وانی تاریك و نووته‌كی زستانی سه‌رسڕو هاوینی مه‌نجه‌نیقی ئه‌م زێده هه‌تیوه‌دا، لایلایه‌ی دڵی شه‌قار شه‌قاری دایكێكی كوڕ‌و كچ ئه‌نفالكراوی ئه‌م كوردستانه ئازاد‌و دیموكراسی و زه‌نگینه بكات؟؟؟
ئه‌و تاقه سه‌ركرده‌یه كێیه كه مووچه‌ی یه‌ك مانگی خۆی پێشكه‌شی پیره‌ژنێكی لای گه‌رمیان، یان پیره‌مێردێكی پاشماوه‌ی ئه‌نفال كرد؟
وه‌لی ئه‌فسووس و جه‌خار كه‌وا ئه‌وان هێشتاكه وه‌كو ئه‌فریقی و سۆماڵی و به‌نگلادیشی ده‌ژین.. هێشتاكه له‌نێو تۆز‌و خۆڵی رۆژگاری ئه‌نفالدا ژینی مه‌رگه‌سات ده‌ژین.. ئه‌وان هێشتاكه ئاوی سیخناخ له ڤایرۆس و له زه‌قنه‌بووت ره‌گه‌زو توخمی ئاوه‌دانییانه.. هێشتاكه ئه‌وان پێستی ڕه‌شداگه‌ڕاوی رۆژانی ئه‌نفالیان نوومایشی میدیاكانی جیهان ده‌كه‌ن.. هێشتاكه پێخه‌ف و جێی زستانیان ڕه‌قبۆته‌وه له زوقمداو له گه‌رمه‌سێری هاوینیشدا بوونه‌ته ته‌نوور، له‌ڕاستیدا ژنی ئه‌نفالكراوی كورد، نه‌خۆیان و نه منداڵیان و نه كه‌سوكارو خزمیان، ئاسووده‌و به‌خته‌وه‌ر نین، ژینیان پڕه له حه‌سره‌ت و ئاخ و هه‌ناسه‌ی سارد، بێئومێدن له ڕاپه‌ڕین و ئازادی و حیزب و حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت (به قه‌ولی سه‌ركرده‌یه‌كمان له خه‌ونی شاعیرانه‌ی كورد) له ده‌وڵه‌تی كوردیش.. ئه‌وان هه‌تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌چنه‌وه به‌ر ده‌رگای كردگار، له‌م ژیانه هه‌یتو و بێبه‌هایه تۆراون و نامۆن و ئومێدبڕاون، چونكه ئێمه‌ی تاكی كورد، كۆمه‌ڵگای كوردی و حكومه‌ت و حیزبه بێشوماره‌كان، مرۆڤدۆست و هاوڕێ و خزم و خانه‌خوێ و هاوده‌می ئه‌و هه‌زاران هه‌زار ژن و مرۆڤه ئه‌نفالكراوه نه‌بووین و ده‌ستگیرۆیی كه‌سیانمان نه‌كرد.. هێنده‌ی غه‌یره‌دین و كافره‌كانیش وه‌كو په‌نابه‌رێك مافی مرۆڤ و مافی ژیانمان پێنه‌به‌خشیون.. كه‌سمان نه‌مانتوانیوه خه‌نده‌و بزه‌یه‌كی دۆستانه بخه‌ینه سه‌ر لێوی تاقه یه‌ك ژنی شكۆداری ئه‌نفالكراو.. چونكه ئه‌وه‌ی هه‌بووه، بۆره‌پیاون ئه‌وانه‌ش وا دڵفراوان و دۆستن مه‌خابن كه نه‌دارو هه‌ژارو ده‌سكورتن.. ته‌نیا ده‌توانن دوو وشه‌ی جوان و به‌ئه‌مه‌ك پێشكه‌ش به دڵی گه‌وره‌و مه‌زنی ئه‌وان بكه‌ن.
* كۆمه‌ڵناس
|
|
ژماره‌ی خوێنراوه :
154
|
|
|