|
ره‌چاوكردنی هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردن له‌نێوان هاوسه‌راندا
مافناس: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه:
_ كێشه‌ی خێزانی پانتاییه‌كی فراوانی هه‌یه له نێو كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، هۆكاری سه‌ره‌كیش لاوازی هونه‌رو ئه‌ته‌كێتی ئادابی مامه‌ڵه‌كردنی نێوان ژن و مێرده. زۆر جار مرۆڤ ره‌چاوی هه‌ست و سۆزی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، به تایبه‌ت كه‌سانی غه‌ریب و نامۆ، هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی رێز‌و متمانه‌ی ده‌دات. به‌واتایه‌كی دی خه‌ڵك رێسا‌و بنه‌ماكانی ئه‌ته‌كێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا ره‌چاو ده‌كه‌ن، به‌ڵام له نێو ماڵ و كه‌سه نزیكه‌كانی خۆیاندا فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن و گوێ ناده‌نه شێوازی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا. ئایا بۆ سوڕن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی راگرن و زێده‌ڕۆیی له بایه‌خدان به‌خه‌رج بده‌ن، به‌ڵام له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوسه‌رو كه‌سه نزیكه‌كاندا وه‌ك پێویست بایه‌خیان پێ ناده‌ن و زۆرجار هه‌ستیان بریندار ده‌كه‌ن، جا به‌مه‌به‌ست بێ یان بێ مه‌به‌ست، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌وڵ ناده‌ن پۆزشیان بۆ بێننه‌وه.
ئایا ده‌شێت رێسا‌و بنه‌مای ئه‌ته‌كێت ته‌نها كه‌سانی غه‌ریب و نامۆ بگرێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و كه‌سوكاریشدا زبری و وشكی پیاده بكرێت؟!
_ به‌دیهێنانی به‌خته‌وه‌ری له ژیانی خێزانی‌دا، وا ده‌خوازێت ، رێزگرتن له یه‌كتری بكرێته بنه‌ماو ره‌چاوی هه‌ست و سۆزی به‌رامبه‌ر بكرێت، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ژن و مێرد له‌سه‌ره‌تای ژیانی خێزانیانه‌وه كۆك و ته‌بابن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ رێسا و بنه‌مای نوسراو، وه‌ك رێكه‌وتنامه‌یه‌ك له نێوانیانداو هه‌ردوو لا پێوه‌ی پابه‌ند بن.
_ زۆر جار لاوان له هه‌ردوو ره‌گه‌ز ته‌نها له روانگه‌ی حه‌زو ئاره‌زوو و عاتیفه‌وه ده‌ڕواننه پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری و، لایه‌نی هزری و ژیری و پاراستنی مافه‌كان و، له ئه‌ستۆگرتنی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی به هه‌ند وه‌رناگرن و ئاماده‌سازی بۆ ناكه‌ن، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه لێك نه‌گه‌یشتن دروست ده‌بێت و گرفت و كێشه دێته ئاراوه‌و، عه‌ره‌ب وته‌نی (شهر العسل) زوو ده‌بێت به (شهر البصل).
ده‌ره‌نجام كاره‌ساتی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌خوازراو دێته ئاراوه و سه‌رده‌كێشێت بۆ لێكترازان و جیابونه‌وه‌و، فه‌رامۆش كردنی منداڵ و كه‌مته‌رخه‌می له په‌روه‌رده‌كردنیاندا و ، روخانی یه‌كه‌ی خێزان و شكستهێنانی پرۆژه‌ی هاوسه‌ری و نه‌هاتنه‌دیی مه‌به‌سته ئیسلامییه‌كان له پێكهێنانی ماڵ و خێزاندا.
_ سه‌باره‌ت به‌م پرسه گرنگه ئامۆژگاری كردنی زاره‌كی به‌س نیه، بۆ ئه‌وه‌ی لاوان پابه‌ند بن به رێنمایی و ده‌قه شه‌رعییه‌كانی تایبه‌ت به پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری و ژیانی خێزانی و وه‌رگرتنی زانیاری به كه‌ڵك و سود، واقعی حاڵیش ئه‌مه‌ی پشت راست كردۆته‌وه. جا دۆخه‌كه واده‌خوازێت خول و راهێنان بكرێته‌وه سه‌باره‌ت به ژیانی خێزانی و پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری هه‌روه‌كو چۆن خول بۆ بواری كارگێری و ژمێریاری و راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كان و...هتد ده‌كرێته‌وه .
_ نوسه‌ری بیانی (ئێم جی رایان) له كتێبی (هێزی ئارام گرتن) باس له‌وه ده‌كات، كۆمه‌لێك له قوتابیان كه ئاستی زیره‌كیان مام ناوه‌ند بووه، خول و راهێنانیان بۆ كراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئارامگرتن، له‌به‌رامبه‌ریشدا ژماره‌یه‌كی تری كه‌سانی بلیمه‌ت و زیره‌ك به‌شداری خوله‌كه‌یان نه‌كردبوو، دواتر هه‌موو ئه‌مانه هاوسه‌رگیریان ئه‌نجام دا، له ئه‌نجامدا بینرا رێژه‌ی جیابونه‌وه‌و ته‌ڵاق لای ئه‌وانه‌ی خولی ئارامگرتنیان بینیوه، زۆر كه‌متر بووه، به‌ڵام لای كه‌سه بلیمه‌ت و زیره‌كه‌كان رێژه‌ی جیابونه‌وه و ته‌ڵاق له ئاستێكی به‌رزدا بوو گه‌یشتبوه له 50%.
ئه‌م نمونه‌یه ده‌كرێت ئه‌وه‌ی لێ بخوێنینه‌وه كه خول و راهێنان و ئاماده‌سازی له هه‌موو رویه‌كه‌وه ، واباشه پێش پێكهێنانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری و ژیانی خێزانی ئه‌نجام بدرێت ، تا ئاماده‌یی ده‌رونی و هزری و لاشه‌یی دروست بێت و، هاوسه‌ره‌كان بتوانن روبه‌ڕوی كێشه‌و روداوه‌كانی ژیان ببنه‌وه.
ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌م جۆره خولانه ده‌كه‌ن ده‌زانن ژیانی خێزانی به‌خته‌وه‌ر و پێگه‌یشتوو به پێی روناكی و په‌یامی پیرۆزی ئیسلام، چۆن ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌ردوولا بازنه‌ی ئه‌رك و مافه‌كانیان ده‌زانن و سنوره‌كانی ده‌پارێزن و، زۆرێك له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان روو نادات، ئه‌گه‌ر روشیدا به‌سانایی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
_ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری پرۆژه‌ی دروست كردنی كۆشك و ته‌لار، یان كۆمپانیا وده‌زگا، یان كڕینی ئۆتومبیل نیه. به‌ڵكو هاوسه‌رگیری پرسێكی مرۆڤایه‌تیه و عیباده‌تێكی خواییه‌و كارێكی گرنگ و خوازراوه، چونكه له میانه‌یه‌وه یه‌كه‌ی خێزان پێك دێ و بینای نه‌وه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سه‌ر زه‌وی دێته ئاراوه.
_ به هۆی نه‌بونی به‌رنامه‌و پلانی پێش واده‌وه، كێشه‌ی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر روده‌دات و زۆرێك له هاوسه‌ران لێك جیاده‌بنه‌وه، به بیانوی زۆر ساده‌و پوچ و بێ مانا، دواتریش په‌شیمان ده‌بنه‌و و په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زن. ئه‌مانه گه‌ر هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردنیان بزانیایه‌و خاون ئه‌زموون بونایه، وا به ئاسانی بڕیارگه‌لێكی وایان نه‌ده‌دا.
ئه‌مه‌و كه‌سانی بێئه‌زمون و سه‌ركه‌ش، زۆر جار له‌نێو خه‌یاڵ و رۆمانسیه‌تدا ده‌ژین و خه‌یاڵ پڵاوانه بیر ده‌كه‌نه‌وه، ده‌یانه‌وێت هاوسه‌ره‌كانیان له جوانی روكه‌ش و كه‌سایه‌تی و...هتد. ناوازه‌و بێوینه بن، كه‌چی ئاوڕ به‌لای جوانی و به‌هره‌و ئاستی خۆیان ناده‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان كه‌سێكی كامڵ و بێ هه‌ڵه و كه‌موكورتی بن.
_ لێره‌دا ئاماژه به ئه‌زمونێك ده‌كه‌م كه شایسته‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر كردنه و ده‌كرێت سودی لێ وه‌رگیرێت، بۆ نمونه له وڵاتی مالیزیا، له‌دادگادا به‌مه‌رج دانراوه، پێش ماره‌بڕین، هه‌ردو ره‌گه‌ز به‌شداری خولی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به ژیانی خێزانی و هاوسه‌رگیریان كردبێت. خوله‌كانیش به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا‌و راهێنه‌ری پسپۆر به‌رێوه ده‌چێت . ده‌ركه‌وتووه ئه‌و خول و راهێنانه كاریگه‌ری باشیان دروست كردووه له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دابه‌زینی رێژه‌ی ته‌ڵاق و جیابونه‌وه .
ده‌كرێت بڵێین ئه‌ركی حكومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و زانایانی ئیسلام و ناوه‌نده رۆشنبیریه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌بواری گه‌نجان و لاوان و قوتابیان و ژناندا ئاورێكی جدی له‌م پرس و بابه‌ته بده‌نه‌وه‌و له روانگه‌ی په‌یام و به‌رنامه‌ی ئیسلام و زانستی هاوچه‌رخدا هه‌نگاوی كارا بنێن ، ده‌كرێت رێكخراوه‌كان خول و سیمینار بكه‌نه‌وه بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده‌ی خێزانی و ژیانی هاوسه‌ری و ئه‌رك و مافه‌كانی ژن و مێرد به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری كێشه‌و گرفت و روداوه‌كانی ژیان .
_ بریا له نێو پرۆسه‌ی خوێندندا بابه‌تێك هه‌بوایه سه‌باره‌ت به هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردنی ژن و مێرد پێكه‌وه، له‌و بابه‌ته‌دا ژیانی هاوسه‌ری و خێزانی و ئه‌رك و مافه‌كان و هونه‌رو ئادابی مامه‌ڵه‌كردن رون ده‌كرایه‌وه‌و مامۆستایانی پسپۆر‌و خاوه‌ن ئه‌زموون وانه‌و بابه‌ته‌كانیان ده‌وته‌وه، ئه‌وانه‌ی كه شاره‌زاییان له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خێزانی‌دا هه‌یه.
_ ئه‌مه‌و تائێستا له هه‌رێمی كوردستاندا كۆلیجێك یان به‌شێكی تایبه‌ت نییه به په‌روه‌رده‌ی خێزانی، تا كه‌سانی پسپۆر و شاره‌زا له‌و بواره‌دا پێبگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی پێویسته وه‌زاره‌تی فێركردنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاوڕی لێبداته‌وه‌و بیخاته ئه‌جیندای كاره‌كانیه‌وه، سه‌ره‌تا ده‌شێت له كۆلێژ‌و به‌شه تایبه‌تیه‌كان، بۆ نمونه ده‌روناسی و كۆمه‌ڵناسی و... هتد، وانه‌ی تایبه‌ت به‌م پرسه دابمرێت و كاری پێویستی له‌سه‌ر بكرێت.
|
|
ژماره‌ی خوێنراوه :
138
|
|
|